له ڕەزی چەند جار سووتاوی،
لەشی خۆما،
هێشوویەکی بەجێماوم.
هەموو ڕۆژێ،
به سووتانما هەڵئەڕوانم.
هەموو ڕۆژێ ئەی کچی جوان،
چاوەڕوانم،
بێیت و له هەڵواسینی تەنیاییم
بکەیتەوه.
بێیت و به لێو،
دەنک دەنک،
سووک،سووک،سووک
له غەریبیم بکەیتەوه.
لەناو گوڵدانی مەمکتا بموەرێنی.
بەڵام ئازاری گوێ سووکم،
هەڵنەسێنی.
ژانم خەبەر نەکەیتەوه.
ئەی کچی جوان،
تۆ ئەتوانی ئاوا بێیت و
بمکەیتەوه؟
"شێرکۆ بێکەس"
نظرات شما عزیزان: